لەدرێژەى کاروچالاکییەکانى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان، ئەمڕۆ شەممە (٢٠١٨/٣/٣) زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پەیمانگاى تەکنیکى دوکان، بەشی کاڕگێڕی کار و بەشی ژمێریاری بە ئامادەبوونى بەڕێز پ.ی.د ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆ وپ.ی.د کاوە ڕەزا ڕاگری پەیمانگا و مامۆستایان و خوێندکارانى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان سیمپۆزیۆمى (هەڵسەنگاندی بودجەی گشتی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی شەفافیەت و گەندەڵییەوە) بەڕێوەچوو. دەستپێکى بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە به ساتێك وهستان و بێدهنگی بۆ ڕێزلێنان لهگیانی پاكی شههیدان دهستیپێكرد، دواتر وتەیەک لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێشکەش کراو ئاماژەی بەوەدا(( خۆی بەخۆش حاڵ دەزانێت کە کۆمەڵێک لەکەسانی پسپۆڕ و شارەزا و مامۆستا و خوێندکار کۆدەکاتەوە بۆ شەن و کەو کردنی باسێکی گرنگی ئەمڕۆی کوردستان و عیڕاق، کە کێشەی ڕۆژانەی هەموومانە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆی هەیە بە هەموومانەوە، ئەویش بابەتی بودجەی گشتی لە عیڕاق و هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە زانکۆ تەنها بۆ پێگەیاندنی گەنجان و لاوان نیە بە پێدانی بڕوانامە پێیان،بەڵکو زانکۆ دەبێت مینبەرێکی زانستی سیاسی کۆمەڵایەتی بێت و بەشێک بێت لە زانکۆ گەورەکەی ژیانمان، ئەویش کۆمەڵگایە))، دواتر وتەى بەخێرهاتنى میوانەکان لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د.کاوە ڕەزا) ڕاگرى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژەى بەوەدا ((شەفافیەت لە بودجەدا واتە گەڕاندنەوەی هەیبەت و ناوبانگ بۆ گەل و وڵات و بەرزکردنەوەی داهاتی تاک و گەشەی ئابوری و خۆشگوزەرانی و بەگەڕخستنی سەرمایە و وەبەرهێنانی گەورە لەسەر ئاستی گشتی و کەرتی تایبەت،هەروەها شەفافیەت لە بودجەدا تەنها شێوازی بەدەستهێنانی داهات و سەرفکردنی ناگرێتەوە،بەڵکو پێویستە خەڵک بەشداری پێبکرێت لە بڕیاردانی سیاسی و میدیاش ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەبەرپرسی حکومی بکرێت و هەڵی بنەبڕکردنی فەساد بدرێت)). بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، پانێڵى یەکەم لەلایەن بەشداربووان بەڕێز(پ.ی.د.عزت صابر ) ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەڕلەمانی کوردستان، پسپۆڕی ئابوری لە زانکۆی سلیمانی بە تەوەرى (ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت یان ڕادەستی حکومەتی عیراقی بکات؟) و بەڕێز (د.آمین بکر محمد) ئەندامی ئەنجومەنی عێراق، بەتەوەرى (بودجەی گشتی عیراق و کێشە و گیروگرفتەکانی) بەشداربوون، هەروەها بەڕێوەبەرى پانێڵ لەلایەن بەڕێز(م.هەڵکەوت اسماعیل) سەرۆکی بەشی ژمێریاری لەپەیمانگاى تەکنیکى دوکان بەڕێوەچوو. پانێڵى دووەم لەلایەن بەشداربووان بەڕێز(پ.ی.د.یونس علی) مامۆستا لەزانکۆی سلێمانی، پسپۆڕی دارایی و بانک لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری، بەتەوەرى (داهات و خەرجیەکانی حکومەت لە نێوان شەفافیەت و گەندەڵیدا ) و بەڕێز (م.فەیصل علی) سەرۆکی مونتەدای ئابوری کوردستان، بەتەوەرى(بەڕێوە بردنی ئابوری هەرێمی کوردستان، بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بە نمونە) بەشداربوون، بەرێوەبەرى پانێڵى دووەم لەلایەن (م.عمر مستەفا محمد ) سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لەپەیمانگاى تەکنیکى دوکان بەڕێوەچوو. هەریەک لەو بەشداربووانە دیدو بۆچوونى خۆیان دەربارەى تەوەرەکان تاووتوێ کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە بودجەی گشتی، سەدان شیکردنەوەو لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت دەرئەنجامەکەشی ئەدای دارایی و ستراتیجی حکومەت دەردەخات، بەو پێیەی بودجەی گشتی دەوڵەت لە گرنگترین ڕێکارە سیاسییەکانی دارایی یە نەک تەنیا هاوسەنگی یا یەکسانی لە نێوان داهاتە گشتیەکان و خەرجییە گشتییەکان بەدیدەهێنێت، بەڵکو پێوەرێکیشە بو حکومڕانی باش و سەقامگیری ئابووری و چارەسەری کێشەکانی بێبازاڕی و بێکاری و گەندەڵی و پوکانەوەی بازاڕ دەکات، بگرە خۆشگوزەرانی و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بەگەڕخستنی سەرمایەی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە. دواتر لەلایەن میوانەکانەوە چەند پرسیار و تێبینى لەسەر تەوەرەکان ئاراستەى پانێلستەکان کرا ودواتر لەلایەن بەشداربووانی پانێلەکانەوە ڕاسپاردەکان خرانە ڕوو تاکو بخرێنە بەرنامەی کار. لەکۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دوکان و سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە پانێلستەکانی سیمپۆزیۆمەکە. |
DTI Events >








