DTI Events‎ > ‎

پەیامى ڕاگری پەیمانگا بەبۆنەى جەژنى نەورۆز و سەرى ساڵى کوردى

posted Mar 20, 2018, 10:08 AM by media dti   [ updated Mar 20, 2018, 10:15 AM ]
بەناوى ڕاگرایەتى پەیمانگاى تەکنیکى دوکانەوە پیرۆزبایی سەرى ساڵى کوردی و جەژنى نەتەوەیی نەورۆز، لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى پەیمانگاکەمان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تاکێکى کورد لەهەر چوار پارچەى کوردستان دەکەم.
بێگومان ئەم چەژنە، جەژنێکى میللى و نەتەوەیی گەلى کوردە، دەسپێکى ساڵى نوێی کوردییە و بۆ ئێمەى گەلى کورد مانا و گرنگى و تایبەتمەندى خۆی هەیە، هەربۆیە بەشانازییەوە هەزاران ساڵە گەلى کورد هەموو ساڵێک لە ٢١ى ئاداردا یادی ئەکاتەوە.
خەڵکى کوردستان لەئێستادا بەقۆناغێکى سەختدا تێدەپەرێت بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەمووارەى کە تێی کەوتووە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەعفرینى داگیرکراو و کۆبانێی خۆڕاگرو سەرێ کانی خۆشەویست، جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ جەژنی خۆڕاگری وهەڵسانەوە و بەرخۆدانە لە عفرینی بەناهەق داگیرکراو، هەرلێرەوە ئیدانەی ئەو داگیرکارییەی تورکیا دەکەین داوای دەست بەجێ ڕاگرتنی خوێنی بەناهەق ڕژاوی براکانمان دەکەین، هیوادارم جەژنى نەورۆز ببێتە مایەى یەکڕیزی نێوماڵى کوردستان لەپێناو گەیشتن بەمافەکانمان و داوا ڕەواکانى گەلەکەمان، بە ئومێدى گەڕانەوەى سەقامگیری و ڕزگاربوون لەسەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەى کە ڕووبەرووى گەلەکەمان بووەتەوە و کۆتایی هاتنى نەهامەتیەکانى گەلى کوردبێ.
نەورۆزتان پیرۆزبێت....
پرۆفیسۆرى یاریدەدەر
د.کاوە ڕەزا
ڕاگرى پەیمانگاى تەکنیکى دوکان


Comments